Skip to content

راگه‌یاندروای ئه‌نجومه‌نی زیندانیانی سیاسی بۆ رای گشتی
هەینی, 28 ئەیلول 2012 16:52

 

 

 

ئه‌نجومه‌نی زیندانیانی سیاسی: کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ درێژه‌ی سیاسه‌ته‌ ئیدئۆلۆژیه‌کانی خۆی به‌ نیسبه‌ت چالاکوانانی بواری مه‌ده‌نی‌و ئینسانی‌و سیاسی له‌ قۆناغێکی‌تردا ده‌ستی کرد به‌ گرتن‌و ئه‌شکه‌نجه‌‌و زیندان‌و ئێعدامی رۆڵه‌کانی گه‌لی کورد، به‌م ئامانجه‌ که‌ بتوانێ سه‌رکوتی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان بکاو که‌ش‌و هه‌وای وه‌حشه‌ت و چاوترساندن بۆ ئه‌م هه‌ڵسوڕاوانه‌ به‌ بار بهێنێت به‌و هیوایه‌ که‌ بتوانێ درێژه‌ به‌ به‌قاو مانه‌وه‌ی عومری ده‌سه‌ڵاته‌ چه‌په‌ڵه‌که‌ی خۆی بدا، به‌ڵام غافڵ له‌وه‌ی که‌ ئیراده‌ی خۆڕاگری‌و کۆڵنه‌دانی چالاک‌وانانی بواری سیاسی‌و مه‌ده‌نی‌و ئینسانی که‌ هه‌ر ده‌م ئاماده‌ن بۆ هه‌ر چه‌شنه‌ تێچوویه‌ک  له‌ پێناوی ئامانجه ‌به‌رزه‌کانیان‌دا شه‌پۆلی حوکمی سێداره‌ له‌ بارودۆخێک‌دا ده‌ستی پێ‌کرد که‌ سه‌رانی سیستمی قه‌زایی ئیران نیگه‌رانن له‌ سه‌قامگیری نیزامی ئیدئۆلۆژیکه‌که‌یان‌و هه‌ر ده‌م له‌ هه‌ر ده‌رفه‌تێک که‌ بۆیان بره‌خسێت به‌ تێکۆشانی دژایه‌تی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی نه‌ته‌وه‌یی- محارب با خدا- و مفسدالفی العرض، تۆمه‌تبارینا بکه‌ن‌و حوکمی قورس ‌و درێژ خایه‌ن و ئێعدامیان به‌ سه‌ردا بسه‌پێنن‌و هه‌ر له‌م دواییانه‌دا ئێمه‌ شاهیدی کۆمه‌ڵێک له‌ هه‌ڵسوڕاوانی بواره‌ جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگاکه‌مانین که‌ له‌ به‌ندیخانه‌ی کۆماری ئیسلامی ته‌حه‌مولی حوکمی ناعادڵانه‌‌وغه‌یره‌ حقوقی و ئینسانی و یاسایی‌یه‌کان ده‌که‌ن‌و له‌ واقیع‌دا هه‌وێنی ئه‌و حوکمه‌ ئیدئۆلۆژیکانه‌ به‌ سه‌لیقه‌یه‌کی سیاسی‌یانه‌ ده‌رده‌کرێت. له‌م پۆله‌ حوکم‌ دراوانه‌ ئاماژه‌ به‌ ژماره‌یه‌ک چالاک‌وان ده‌که‌ین

ناوی ژمارەیەک لە چالاک‌وانانی کورد کە سزای لە سێدارەدانیان بەسەر سەپاوە بریتیە لە:
شێرکۆ مەعارفی، لوقمان مورادی، زانیار مورادی، حەبیبوڵڵا گوڵپەری پور، حەبیبوڵڵا لەتیفی، بێهروز ئاڵخانی، رەزا ئیسماعیلی، حەبیب ئەفشاری، عەلی ئەفشاری، سامی حوسێنی، ئەسغەر رەحیمی، یاوەر رەحیمی، بێهنام رەحیمی، بەهمەن رەحیمی، موختار رەحیمی، مەردان مەلیکی، ئەنوەر رۆستەمی، مستەفا سەلیمی، حەسەن تاڵعی، عەزیز محەمەدزاده، جەماڵ محەمەدی، ئیبراهیم عیساپور و سیروان نژاوی

چوار که‌سی کورد که‌ له‌ لایه‌ن دادگای شۆرشی شاری سنه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی هاوکاری له‌گه‌ڵ هێزێکی نه‌یاری کۆماری ئیسلامی به‌ 120 ساڵ حوکم دراون بریتین له‌:

1-    چه‌نگیز قه‌ده‌م خه‌ڵکی کامیاران و 40 ساڵ زیندان و ته‌بعید بۆ " مسجد سلیمان "

2-    فه‌خره‌دین فه‌ره‌جی خه‌ڵکی شاری مه‌ریوان و به‌ 30 ساڵ زیندان و ته‌بعید بۆ " طبس "

3-    محه‌ممه‌د حوسێن ره‌زایی خه‌ڵکی شاری دیوانده‌ڕه‌ و به‌ 30 ساڵ زیندان و ته‌بعید بۆ " میناب"

4-    ئه‌یوب ئه‌سه‌دی خه‌ڵکی شاری مه‌ریوان و به‌ 20 ساڵ زیندان ته‌بعید بۆ " کاشمر"

 

-         دیاکۆ خه‌یات خه‌ڵکی شاری مهاباد و خوێندکاری کارناسی باڵای ئابووری دانشگای تاران، که‌ له‌ لایه‌ن دادگای شۆرشی شاری مهاباده‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی کۆبوونه‌وه‌ و هه‌وڵ‌دان دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌‌یی به‌ 5 ساڵ حه‌بس مه‌حکوم کراوه‌.

-         فه‌رزاد ئه‌حمه‌دی چالاکی کرێکاری خه‌ڵکی شاری سنه‌ که‌ له‌ سه‌ره‌تاکانی پووشپه‌ڕی ئه‌مساڵه‌وه‌ ده‌ستگیر کراو له‌ لایه‌ن دادگای شۆرشی شاری سنه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی هه‌وڵ‌دان به‌ دژی کۆماری ئیسلامی و هاوکاری هێزێکی نه‌یاری کۆماری ئیسلامی به‌ چوار مانگ حه‌بس مه‌حکوم کرا و ئێستا له‌ زیندانی شاری سنه‌ ماوه‌ی حوکمه‌که‌ی تێپه‌ڕ ده‌کا.

-         چوار که‌سی خه‌ڵکی شاری سه‌قز به‌ ناوه‌کانی: جه‌ماڵ شێخی، حامید شێخی، مێهران مه‌لا وه‌یس و سوله‌یمان مه‌حمودیان( کتێب فرۆش ) که‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌تییه‌کانی شاری سه‌قزه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی ئه‌منییه‌تی ده‌ستگیر کران و له‌ زیندان ده‌ستبه‌سه‌ر کراون.

-         دوو که‌سی خه‌ڵکی بۆکان به‌ ناوه‌کانی: ئیدریس ئاک‌و ئیدریس بڕنا که‌ ماوه‌ی نزیک به‌ سێ مانگه‌ له‌ زیندان ده‌ستبه‌سه‌ر کراون و له‌ لایه‌ن دادگای شۆرشی پاریزگای ورمێ‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی ئه‌منییه‌تی ده‌ستگیر کراون و هه‌ر کام به‌ یه‌ک ساڵ  حه‌بسی ته‌عزیری مه‌حکوم کراون.

-         دوو که‌سی خه‌ڵکی گوندی گزله‌نی شاری میاندواو به‌ ناوه‌کانی قاسم ره‌حیمی و محه‌ممه‌د  ئیبراهیم زاده‌ که ماوه‌ی شه‌ش مانگ له‌مه‌وبه‌ر دستگیر کراون و له‌ لایه‌ن دادگای شۆرشی شاری مهاباده‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی ئه‌منییه‌تی هه‌ر کام به‌ یه‌ک ساڵ مه‌حکوم کراون و ئێستا له‌ زیندانی شاری مهاباد ماوه‌ی مه‌حکومیه‌ته‌که‌یان تێپه‌ڕ ده‌که‌ن.

-         رۆژی پێنج شه‌ممه‌ 2ی خه‌رمانانی ئه‌وساڵ حوکمی گیرانی دوو چالاکی کوردی خه‌ڵکی شاری مه‌ریوان به‌ ناوه‌کانی: عوبه‌ید زارعی و علی تاسه‌ که‌ له‌ رۆژی 17ی پووشپه‌ڕی ئه‌و ساله‌وه‌ گیرابوون بۆ ماوه‌ی 20 رۆژ دووپات کرایه‌وه‌.

-         مه‌نسور ئاروه‌ند خه‌ڵکی شاری مهاباد کوری عه‌بدالره‌حمان له‌دایک بووی ساڵی 1354‌ ماوه‌ی یه‌ک ساڵه‌ له‌ زیندان دایه‌ و به‌ تۆمه‌تی محاره‌به‌ و هاوکاری حیزبێکی نه‌یاری کۆماری ئیسلامی له‌ لایه‌ن دادگای شۆرشی شاری مهاباده‌وه‌ به‌ ئێعدام محکوم کراوه‌.

جێگای ئاماژه‌یه‌ که‌ مه‌نسور ئاروه‌ند 16 مانگه‌ له‌ زیندان دایه‌ و خاوه‌نی دوو منداڵ، یه‌کیان ته‌مه‌ن 15 ساڵ و ئه‌وی‌تریان 5 ساڵه‌ و ئێستا ماوه‌ی مه‌حکومیه‌ته‌که‌ی له‌ زیندانی ده‌ریای ساری ورمی تێپه‌ڕ ده‌کا.

-         سامان نه‌سیم خه‌ڵکی شاری مه‌ریوان، له‌ لایه‌ن دادگای شۆرشی شاری مهاباده‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی هاوکاری له‌گه‌ڵ هێزێکی نه‌یاری کۆماری ئیسلامی به‌ ئێعدام مه‌حکوم کراوه‌.

-         ئه‌نوه‌ر حوسێن په‌ناهی که‌ ماوه‌ی 5 ساڵه‌ له‌ زیندان دایه‌ و له‌ لایه‌ن دادگای شۆرشی شاری سنه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی هاوکاری له‌گه‌ڵ یه‌کێک له‌ حیزبه‌ کوری‌یه‌کان، سه‌ره‌تا سه‌ره‌تا حوکمی ئیعدامی بۆ بڕایه‌وه‌ و دوایی پیداچوونه‌وه‌ به‌ حوکمه‌که‌ی ئه‌و بڕیاره‌ بۆ زیندانی کرانی که‌م کرایه‌وه‌. جێگای ئاماژه‌یه‌ که‌ ئه‌نوه‌ر حوسێن په‌ناهی رۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 26ی خه‌رمانانی 1391ی هه‌تاوی له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌تی‌یه‌کانی کۆماری ئیسلامی دوایی بانگکرانی بۆ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ شوێنێکی نادیار و به‌ وته‌ی هاوبه‌ندیی‌یه‌کانی له‌وانه‌یه‌ بۆ یه‌کێک له‌ گرتووخانه‌ ئه‌منییه‌تیی‌یه‌کان گواسترابێته‌وه‌.

-           به‌ختیار مێعماری ته‌مه‌ن ٣٥ ساڵ له‌ مانگی ته‌موزی ساڵی ٢٠٠٨ وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌ و له‌ لایه‌ن دادگاوه‌ تۆمه‌تباركراوه‌ به‌وه‌ی به‌ رێگه‌ی ئه‌ندامێتی له‌ یه‌كێك له‌ حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، دژایه‌تی خوای كردوه .‌

به‌ختیار مێعماری پێشتر رایگه‌یاندبوو له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا ناچاریان كردوه‌ دان به‌و تۆمه‌ته‌دا بنێت كه‌ رووبه‌رووی كراوه‌ته‌وه .‌

شایانی باسه‌ به‌ تۆمه‌تی ئه‌ندانێتی له‌ حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ ئێستادا نزیكه‌ی ٢٠ چالاك‌وانی سیاسی كورد له‌ لایه‌ن ده‌زگای دادی ئێرانه‌وه‌ سزای له‌ سێداره‌دانیان بۆ براوه‌ته‌وه.‌

ئه‌نجومه‌نی زیندانیانی سیاسی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ درکردنی ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ داوا له‌ کۆڕوکۆمه‌ڵه‌ به‌شه‌ر دۆسته‌کان‌و رێکخراوه‌کانی پارێزه‌ری ماف‌و بایه‌خه‌ ئینسانی‌یه‌کان‌و که‌سایه‌تی‌یه‌ سه‌ربه‌خۆکان ده‌کا که‌ پێش به‌ ئێعدامی ئه‌م هه‌ڵسوراوانه‌‌ بگیرێ‌و له‌ هه‌ر ئیمکانێک که‌ بۆیان ده‌کرێ ئه‌م شه‌پۆله‌ رابگرن، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ چی دیکه‌ سه‌رانی کۆماری ئیسلامی ئێران یاری به‌ چاره‌نووسی میله‌ته‌که‌مان نه‌که‌ن‌و دادگای شۆرشی به‌ ناو ئیسلامی بکه‌وێته‌ ژێر فشارو زه‌خت‌و پێداچوونه‌وه‌ به‌ حوکمه‌کانیان.

ئه‌نجومه‌نی زیندانیانی سیاسی به‌ هۆی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ راده‌گه‌یه‌نێ که‌ ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ حوکمانه‌ی دژی هه‌موو بنه‌ما‌و بایه‌خه‌ مرۆیی‌یه‌کانن، بۆیه‌ حه‌قه‌و به‌ پێویستی ده‌زانێ به‌ توندی ئه‌م سیاسه‌ته چه‌په‌ڵ و قێزه‌ونه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران له ‌هه‌ڵا بدرێ‌و ماهییه‌تی سیستمی تاوانباری قه‌زایی مه‌حکوم‌و شه‌رمه‌زار بکه‌ین.‌

ئه‌نجومه‌نی زیندانیانی سیاسی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان

ره‌زبه‌ری 1391ی هه‌تاوی به‌رامبه‌ر به‌ ژووئیه‌ی 2012 ی زایینی

 

 
Share on facebook