Skip to content

راگه‌یاندراوی به‌ره‌نگاری دژی ئێعدام
چوار شەممە, 10 تشرینی یەکەم 2012 19:25

 

 

 

کۆڕوکۆمه‌ڵه‌ به‌شه‌ر دۆسته‌کان !

لایه‌نگرانی پارێزه‌ری مافی مرۆڤ !

مرۆڤ وه‌ک هه‌ر بوونه‌وه‌رێکی دیکه‌ی گۆڕه‌پانی ئه‌م سرووشته‌ کۆمه‌ڵێک ماف و ئازادی و به‌ها و بایه‌خی هه‌یه‌، که‌ له‌ جاڕنامه‌ی جیهانی مافی مرۆڤی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان به‌ عینوانی پڕنسیپی سه‌ره‌کی ئینسانی بوون په‌سه‌ند کراوه‌ و ئیعترافی پێ کراوه‌ وه‌ک حه‌قی ئاسایس و ئه‌منییه‌ت، ئازادی و ئارامی ژیان، پاراستنی حورمه‌ت و که‌رامه‌تی ئینسان، که‌ له‌ ئه‌ساس‌دا هه‌موو ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام له‌م رێکخراوه‌ جیهانی‌یه‌ ده‌بێ پێی موته‌ئه‌هید و پابه‌ند بن به‌ جێ‌به‌‌جێ‌ کردن و پشتگیری کردنی ئه‌م پڕنسیپه‌‌ جیهانی‌یه‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ دوڵه‌تانی دیکتاتۆڕ لێدراو به‌ پێشێل کردنی ئه‌م ئه‌سڵه‌ ئینسانی‌یانه‌ له‌ ژێر ناوی ته‌فسیری عورف و سوننه‌ت و مولاحیزاتی ئیدئۆلۆژیکی مه‌زهه‌بی و سیاسی وه‌پشت گوێ خستراوه‌ و گرینگی پێ نه‌دراوه‌. یه‌کێک له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ که‌ ده‌کرێ ئاماژه‌ی پێ بدرێ، سیستمی تاوانباری په‌ت و سێداره‌ی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌ که‌ نزیک به‌ سێ ده‌یه‌ ونیوه‌ هه‌ڵسوڕاوانی بواری کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و مه‌ده‌نی له‌ ژیر ناوی کۆمه‌ڵێک تۆمه‌تی کۆنکرێت وه‌ک هه‌وڵ دان دژی ئاسایسی نه‌ته‌وه‌یی، موحاڕب و موعاند له‌گه‌ڵ نیزامی ویلایه‌تی فه‌قیه‌ و خودادا- تیرۆریست و مفسدالفی‌العرض ده‌داته‌ پاڵیان و حوکمی سێداره‌ی ئێعدامیان به‌ سه‌ر دا ده‌سه‌پێنێ، به‌ بێ بایه‌خ دان به‌ ئیلتزاماتی بارودۆخی ئه‌ندامه‌تی له‌ رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان. به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ کۆڕ و ئه‌نجومه‌ن و ریکخراوه‌ جیهانی‌یه‌کان له‌ پاڵ ئه‌م کاره‌ساته‌ ئینسانی‌یه‌ گوێیان کپ کردووه‌ و رێژیمی دژی گه‌لی کۆماری ئیسلامی ده‌رحه‌ق به‌ لاوان و گه‌نجانی وڵاته‌که‌مان ده‌ست له‌ هیچ چه‌شنه‌ تاوانێک ناپارێزی و رێکخراوه‌کانی جیهانی له‌ ئاست ئه‌م کرده‌وه‌ دژی ئینسانی‌یه‌ دا ته‌نیا ئیکتفا به‌ ده‌رکردنی به‌یانییه‌یه‌ک و مه‌حکوم کردنێک ده‌که‌ن. بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ ئاستی بیروڕای گشتی جیهانی‌دا هه‌ڵوێستێکی جیدی شوێن دانه‌ر رێک بخرێ و ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ ببێته‌ هه‌وێنی فشار بۆ سه‌ر کۆماری ئیسلامی ئێران که‌ ده‌ست له‌ ره‌وتی ئێعدامی ڕۆڵه‌کانی گه‌لی کورد هه‌ڵبگرێ و چی دیکه‌ یاری به‌ چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌که‌مان نه‌کا.

هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ دیارده‌ی پڕۆسه‌ی ئێعدام له‌ هه‌ر شکڵ و شێوازێک و له‌ ژێر هه‌ر ناو و ره‌نگێک دابێ به‌ کاردانه‌وه‌یه‌کی قێزه‌ونی ئینسانی ده‌زانین و دژی هه‌موو یاسا و رێساکانی مێژووی مرۆفایه‌تی‌یه‌.

هه‌ر به‌م موناسیبه‌ته‌ که‌ رۆژی 10ی ئۆکتۆبری 2012ی زایینی که‌ به‌ رۆژی جیهانی به‌ره‌نگاری و دژی دیارده‌ی په‌ت و سێداره‌ له‌ قه‌ڵه‌م دراوه‌، ئێمه‌ش به‌ ناوی ئه‌نجومه‌نی زیندانیانی سیاسی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌ڵوێست و ده‌نگمان ده‌خه‌ینه‌ پاڵ هه‌موو حه‌ره‌که‌تێک و ئاکسیۆنێکی دژی ئێعدام و هه‌ر لایه‌ن و دامه‌زراوه‌یه‌ک که‌ به‌ها و بایه‌خی مافی سروشتی مرۆڤ قه‌یراناوی و پێشێل بکا به‌ توندی ریسوا و شه‌رمه‌زاری ده‌که‌ین.

ئه‌نجومه‌نی زیندانیانی سیاسی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان

10ی ئۆکتۆبری 2012ی زایینی

 
Share on facebook