Skip to content

حوکمی " تاوانباری کۆماری ئیسلامی ئێران " له‌ دادگای لاهه‌
دووشەممە, 29 تشرینی یەکەم 2012 19:39

 

 

 

سیستمی قه‌زایی و جه‌زایی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ هۆی جه‌نایه‌ت و کاره‌سات دژ به‌ هه‌ڵسوڕاوانی بواری سیاسی و عه‌قیده‌تی له‌ ده‌هه‌ی 60ی هه‌تاوی‌دا له‌ لایه‌ن دادگای لاهه‌ی ئێران تربیوونال له‌ وڵاتی هوله‌ند به‌ ده‌رکردنی حوکمی تاوانباری سیستمی ناعادڵانه‌ی قه‌زایی ئێران پڕۆسه‌ی دادگایی کردن چووه‌ته‌ پیش واته‌ هه‌ڵسه‌نگاندن و تاوتوێ کردنی ئه‌م که‌یسانه‌ی که‌ له‌ بارودۆخێکی سه‌رف سیاسی و ئیدئۆلۆژیک‌دا به‌رێوه‌چووبه‌ ئامانجی ژینۆساید کردنی به‌قای زیندانی سیاسی و تۆڵه‌ساندنه‌وه‌ له‌م تێکۆشه‌رانه‌ی که‌ ته‌نیا له‌گه‌ڵ بیروڕای کۆماری ئیسلامی جیاوازیان هه‌بوو، ئه‌م جیاوازی‌‌ روانگه‌یه‌ به‌ تێچوو وه‌ک: ئه‌شکه‌نجه‌، ته‌بعید، ئێعدامی ڕۆڵه‌کانی گه‌لی کورد و غه‌یره‌ کورد دابین ده‌کرا. هه‌رچه‌ند قۆناغی ساڵی 1367 به‌ قۆناغێ کاره‌ساتی مه‌رگ وه‌سف ده‌کرێ که‌ بارانه‌یه‌ک له‌ حوکمی ناڕه‌وا و نابه‌حه‌ق به‌ سه‌ر زیندانیانی سیاسی ئه‌م ده‌یه‌یه‌ له‌ ژێر ناوی " موحاره‌به‌ وموعاند با خدا " و ویلایه‌تی فه‌قیه‌- هه‌وڵدان دژ به‌ ئاسایش و ئه‌منییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و مفسدالفی‌العرض، به‌ سه‌ریان دا سه‌پاندن و له‌ ژێر ئه‌م ماددانه‌‌دا که‌ چوکترین بنه‌ماکان و بایه‌خه‌کانی عیداله‌تی ئینسانی تێدا به‌دی ناکرێ، به‌رێوه‌چوو. دیاره‌ ئامارێکی جێی باوه‌ڕ پێکراو له‌ به‌ر ده‌ست دانییه‌ که‌ ئاماژه‌ی دروستی پێ بکه‌ین به‌ڵام، به‌ پێی هێندێک سه‌رچاوه‌ نیوه‌ فه‌رمی‌یه‌کان زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار که‌سی بێ تاوان له‌ پڕۆسه‌ی دادگایه‌کانی کۆماری په‌ت و سێداره‌دا‌ ئێعدام کران.

دیاره‌ به‌رێوه‌چوونی ئێران تریبوونال له‌ دادگای لاهه‌ له‌ رێکه‌وتی 7 / 8 / 1391 کۆمه‌ڵێک په‌یام ده‌ره‌نجامی لێکه‌وته‌وه‌،ئه‌م حوکمه‌ی دادگای لاهه‌ هه‌ر وه‌ک سه‌نه‌دێکی مێژوویی جینایه‌ت کارانه‌ به‌ کۆمه‌ڵگای جیهانی موعه‌ره‌فی کرد هه‌رچه‌ند ئه‌م حوکمه‌ زه‌مانه‌تی ئیجرایی نییه‌ به‌ڵام په‌روه‌نده‌ی 34 ساڵ ده‌سه‌ڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامی پێ تاوانبار کرا و قوڵایی کاره‌ساته‌که‌ی ده‌رخست.

ئێمه‌ به‌ ناوی ئه‌نجومه‌نی زیندانیانی سیاسی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان پشتگیری له‌م حوکمه‌ دادپه‌روه‌رانه‌یه‌ی لاهه‌ ده‌که‌ین و هیوادارین ئه‌م حوکمانه‌ له‌ کۆڕوکۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان‌دا ماهییه‌تی واقعی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر له‌ قاو بدا

ئه‌نجومه‌نی زیندانیانی سیاسی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان

28 / 10 / 2012 ی زایینی

7ی خه‌زه‌ڵوه‌ری 1391ی هه‌تاوی

 
Share on facebook